کۆمپانیای ئاسیاسێڵ پڕۆژەی سیستمی بەئەلیکترۆنیکردنی دادگاکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی و بنکەکانی پۆلیس لە شاری سلێمانی جێبەجێ دەکات
سلێمانی، کوردستان/عێراق: وەك بەشێك لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشبردنی سیستمی بەرێوەبردن لە بواری کاروباری پۆلیس و دادگاکان، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ئامێر و پێداویستییەکانی پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی دادگاکان بە بەڕێوەبەرایەتی و بنکەکانی پۆلیسەوە لە پارێزگای سلێمانی دابیندەکات. ئەم پرۆسەیەش کۆتایی دەهێنێت بە سیستمی کۆنی کاغەزیی ودەبێتە مایەی گێڕانەوەی سەعاتی کارکردن و ئاسانکاری کردن بۆ مامەڵەی هاوڵاتیان لە ڕووی کات و شێوازی بەڕێوەچوونەوە لە دامودەزگاکاندا.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری IT لە دادگای سلێمانی هەڵەت کاکە برا رایگەیاند: تەواوی کاری لێکۆڵینەوەو پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە ماوەی ئایندەدا لە بنکەکانی پۆلیس دەبێت بە ئەلیکترۆنی وهەنگاو دەنێین بۆ لابردنی سیستمی وەرەقی. ئەم هەنگاوەی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ هەوڵێکە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا وکەمکردنەوەی ڕۆتین و گەندەڵی لە کارەکاندا.
لە سوپاسنامەیەکدا کە سەرۆکایەتی دادگای سلێمانی ئاڕاستەی کۆمپانیای ئاسیاسێڵی کردووە، هاتووە: "لەبەر ئەوەی بەڕێزتان هەستاون بە دابینکردنی چەندین ئامێر و پێداویستی بۆ پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی مامەڵەی هاوڵاتیان لە دادگاکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس، بەم کارەتان خزمەتێکی گەورەتان بە پڕۆسەی باشکردنی کاروبارەکانی بەرێوەبردن لە دادگاکانی شاری سلێمانی پێشکەش کردووە... بەم نوسراوەمان دەستخۆشیتان لێدەکەین...هیوادارین نمونەتان زۆر بێت"
وتەبێژی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ عەبدوڵا حەسەن رایگەیاند: "ئاسیاسێڵ پڕۆژەی گرنگی ئەنجامداوە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان وبەردەوامیش دەبێت، وە بەشداریکردنمان لە جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی دادگاکانی شاری سلێمانی بۆ خزمەتکردنە بە تەواوی دانیشتوانی شاری سلێمانی و دەوروبەری و پێشخستنی سیستمی بەڕێوەبردن لە دادگاو بەڕێوەبەرایەتیەکانی پۆلیس، ئەمەش خزمەتێکە کە بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین".