نیسانى 2011 – کۆمپانیاى ئاسیاسێڵ وەک گەورەترین کۆمپانیاى مۆبایل لەکوردستان و عێراق رایدەگەیەنێت کە هیچ کات ئامادە نیە خۆی بە کێبڕکێی بێ بنەماو نایاسایى یەوە سەرقاڵ بکات و هەمیشە بە پێی یاساکانى وڵات کار دەکات.

لەمانگی رابردوودا کۆمپانیاى ئاسیاسێل بە فەرمانێکى کۆمسیۆنى گەیاندن و راگەیاندنى عێراقى پەیوەندی نێوانی هێڵەکانی خۆی لەگەڵ چەند ملۆینێک لە هێڵە بێ مۆڵەتەکانى کۆمپانیای زەین بڕی، ئەمەش بەرپرسانی کۆمپانیای زەینی نیگەرانکرد و چەند لێدوانێکیان لەسەر کۆمپانیاى ئاسیاسێڵ بڵاوکردەوە.

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایدەگەیەنێت کە بڕینى پەیوەندى نێوانى هێڵەکانى لەگەڵ ئەو هێڵە بێ مۆڵەتانەى کۆمپانیاى زەین، پەیوەندى بە کۆمپانیاى ئاسیاسێڵەوە نییە و بەڵکو ئەوە بە بڕیارى کۆمسیۆنى گەیاندن و راگەیاندنى عێراقى بڕاوەو ئەگەر ئاسیاسێڵ ئەو کارەى نەکردایە تووشى بەرپرسیارێتى یاسایى دەبوو، بۆیە بەرپرسانى کۆمپانیاى زەین دەبێت لەبرى ئەوە لێدوان لەسەر کۆمپانیاى ئاسیاسێڵ بدەن بچن کێشەکانیان لەگەڵ کۆمسیۆن چارەسەر بکەن و هەر کاتێک کۆمسیۆن بڕیارى دا، ئەوکات ئاسیاسێڵ پەیوەندى لەگەڵ ئەو هێڵانە دەبەستێتەوە.

لەهەمان کاتدا کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایدەگەیەنێت کە لەساتى هێنانى مۆبایلەوە بۆ عێراق و وەرگرتنى مۆڵەتى کارکردن تا ئێستا یەکەمین و گەورەترین کۆمپانیاى گەیاندنى عێراقى یە کە بەبێ یەکگرتن لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکى تر زۆرترین بەشداربووى هەیە لەسەر ئاستى عێراق.

کۆمپانیاى ئاسیاسێڵ ئەوە ڕووندەکاتەوە کە یەکەم کۆمپانیای عێراقى یە کە توانیویەتى بۆ یەکەم جار تۆڕەکانى بگەیەنێتە سەرجەم 18 پارێزگاکەى عێراق و بێ یەکگرتن لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکى تر نزیکەى 9 ملیۆن بەشداربووى هەبێت، لەکاتێکدا ئەوەش ئاشکرایە بەشداربووەکانى کۆمپانیاى زەین لە یەکگرتنى بەشداربووانى هەر دوو کۆمپانیاى (عراقونا و ئەسیر) پێکهاتووە، کەواتە ئاسیاسێڵ تەنها کۆمپانیایە کە بە تەنها خۆى خاوەنى 9 ملیۆن بەشداربووە و تۆڕەکانى هەموو عێراقى داپۆشیوە.

لەگەڵ هەموو ئەم راستیانەشدا، دیاریکردنى کۆمپانیاى ئاسیاسێڵ وەک باشترین کۆمپانیاى مۆبایل لەنێو سەرجەم کۆمپانیاکانى مۆبایل لەعێراقدا لەدووەمین کۆنفرانسى وەزارەتى گەیاندنى عێراقى دا لەبەغدا لە ناوەراستى مانگى ئازارى رابردوو، بەڵگەیەکى ترى نوێ یە کە دەیسەلمێنێت ئاسیاسێڵ یەکەمین و گەورەترین و باشترین کۆمپانیاى مۆبایلە لەسەر ئاستى عێراق.

پێگەى ئاسیاسێڵ وەک یەکەمین و باشترین کۆمپانیاى مۆبایل لەسەر ئاستى عێراق، هاندەرێکى ترە بۆ ئاسیاسێڵ بۆ ئەوەى خزمەتگوزارى ناوازە و نوێ و بە کوالێتى بەرز پێشکەشى بەشداربووەکانى بکات بۆ ئەوەى بۆ هەمیشە بە پێشەنگ بمێنێتەوە.

پێویستیت بە یارمەتییە؟ سوود وەربگرە لە کەناڵە تایبەتەکانمان بۆ پشتگیری بەشداربووان کە چەندین خەڵاتیان بۆ ئەداکردنی نایابیان بردووەتەوە.